|
مێژووی جێژنی گه‌وره‌ی کورد ، نه‌ورۆز |
|
نه‌ورۆزه، نه‌ورۆز ژیانه‌وه‌یه، هه‌ر وابووه و هه‌ر وا ده‌بێ، مێژوو ده‌چه‌رخێ، دووپات ده‌بێته‌وه، به‌فر ده‌توێته‌وه، خونچه ده‌پشکوێ، هاتنی گه‌رمای به‌تین، سه‌هۆڵبه‌ندانی ناهومێدی ده‌توێنێته‌وه. له زستانێکی تووشه‌وه، به‌ره‌و پیری به‌هارێکی رازاوه و شنه‌ی بای به‌هاری و تارای گوڵه‌کانی مانگی گوڵان، له ته‌م و مژی لوتکه داپۆشیوه‌وه، له خه‌وی زستانه‌وه بۆ جووڵهوخوێندن له سه‌ر چڵ و پۆپه‌ی گوڵهگهشهکانی به‌هار، هه‌نگاو ده‌نێین. ئاره‌زووی زیندوو بوونه‌وه دێته دی، شنه بای له خۆ بوردوویی و هیوا و هومێد، هه‌وری ره‌شی نه‌مان راده‌ماڵێ،شه‌خته نامێنێ و سه‌وزه سه‌ر هه‌ڵدێنێ. کیژه چاو شینه‌که‌ی نه‌ورۆز، پڕ به کۆشی گوڵه گه‌زیزه‌ی بۆ هێناوین و زه‌ماوه‌ندی هه‌ڵه‌سوون و هه‌ستانه‌وه‌مان پیرۆزبایی پێده‌ڵێ و ده‌ڵێ: ئه‌مساڵ ساڵی سڕینه‌وه و له ناو بردنی خه‌م و خه‌فه‌ته‌کانی ساڵی پاره و ساڵی پێک گه‌یشتنه‌وه‌یه و هه‌موو شته‌کانی سه‌ر زه‌وی ئه‌وینداری خاکه‌لێوه‌ی به‌هار ده‌بن. نه‌ورۆز ئاوڕدانه‌وه‌یه له رابردوو، له ده‌ور و پشت و چوار ته‌نیشت، له خۆ،له‌تۆ، له من، له ئێمه، کورد و نه‌ورۆز ئاوه‌ڵ دووانه‌ن، کورد به هاتنی نه‌ورۆز ئاسۆی گه‌ش ده‌بینێ. ساڵی کۆن به‌رگی رزیوی خۆی فڕێ‌دا و جل و به‌رگی لاوه‌تی له به‌ر کرد، دار و گوڵ و گیا به ده‌ست سه‌رما و زوقمی زستانه‌وه رزگاریان بوو، بۆ پیرۆز بایی له به‌هار،خۆیان رازانده‌وه و به پیریه‌وه چوون. خونچه‌کان ئاماده‌ن تا به‌یه‌که‌م چریکه‌ی بولبولان بپشکوێن. نوێکان شوێنی کۆنه‌کان ده‌گرنه‌وه و له‌و نێوه‌دا ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه، جگه له کار و کرده‌وه‌ی مرۆڤه‌کان، فه‌رهه‌نگ و مێژووه، مێژوویه‌ک که رابردووی به‌ره‌ی کۆن بۆ به‌ره‌ی نوێ و ئه‌وانه‌ی داهاتوو ده‌گێڕێته‌وه. جێژنی نه‌ورۆز یه‌کێک له‌و جێژنانه‌یه که نیشانه‌ی هاو پێوه‌ندی و هه‌ستی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌یه، که به ناو هه‌زاران رووداوی مێژوویی‌دا تێپه‌ڕیوه و گه‌یشتۆته ئێره و بۆته لاپه‌ڕه‌یه‌کی پڕشنگدار له که‌لتووری نه‌ته‌وایه‌تیمان. گه‌لانی ئاریایی له کۆنه‌وه زۆر جێژنی جۆراوجۆریان هه‌بووه و له ناویاندا دوو جێژنی نه‌ورۆز واته شۆڕشی سروشت و سه‌رهه‌ڵدان و جموجۆڵی بوونه‌وه‌ران یا فهروهردهگان سه‌ره‌تای وه‌رزی گه‌رما و جێژنی مێهره‌گان سه‌ره‌تای وه‌رزی سه‌رما. جێژی نه‌ورۆز بایه‌خێکی تایبه‌تی هه‌بووه، ته‌نانه‌ت پاش ئه‌و هه‌وراز و نشێوه زۆره‌ی که له هه‌زاران ساڵ پێشه‌وه بڕیوێتی و ئێستا گرینگی خۆی هه‌ر پاراستووه و وه‌ک یه‌کێک له مه‌زنترین جێژنه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ماوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت بۆته هێمای خه‌بات و تێکۆشان، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی و سه‌ر به‌ستی له ناونه‌ته‌وه‌ی کورددا. چاوێک به سه‌ر دوو جێژنی کۆن، واته فهروهردهگان و مێهره‌گاندا ده‌خشێنین: عێل و هۆزه‌کانی کۆنی کورد هه‌موویان شوانه وێڵه و مه‌ڕداربوون، ژیانیان به پێست و گوانی ئه‌م ئاژه‌ڵانه دابین کردوه. روونتر بڵێم،خۆراکیان له شیر و جل و به‌رگیان له خوری ئه‌وان دابین کردوه و بۆ گه‌رمێن و کوێستان رۆیشتوون، به‌دوای هه‌وار و له‌وه‌ڕگه‌دا گه‌ڕاون و ئێستاش کاره‌ساتی رۆژگار لێی گه‌ڕێ، که‌یفی له شوانییه و وڵاته‌که‌شی بۆ ئاژه‌ڵداری ده‌ناڵێ. ئێستاش هه‌ر چه‌ند ئاژه‌ڵداری له کوردستاندا به‌داخه‌وه زۆر که‌م بووه و مه‌ڕداره‌کان کاتی به‌ران تێکردنیان گۆڕیوه، به‌ڵام ئه‌و دابه هه‌ر نه‌گۆڕاوه، هه‌ر که‌س که‌رته مه‌ڕێکی هه‌بێ، ئه‌ورۆژه‌ی که به‌ران له مه‌ڕی ده‌کا،میوانداری له ده‌ر و جیران ده‌کا و مێوژ و خورما و شیرینی ده‌به‌خشێته‌وه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵاتێکی زۆر باش له ملی به‌ران نه‌کا، کاکی شوان نایه‌ڵێ به‌رانی ره‌نگاو بچێته ناومێگهل. به‌ڵام زۆر دوور نییه، هه‌ر به بیری من، مه‌ڕدار له ئاخر و ئۆخری مانگی مێهر(ره‌زبه‌ر)به‌رانیان له مه‌ڕ ده‌کرد و جێژنیان ده‌گرت، که ئه‌و جێژنه ناوی جێژنی مێهره‌گان بوو. دیاره ئه‌و جێژنه ئه‌وه‌نده گه‌وره بوو کهعهڕهب وه‌ریان گرتووه و کردوویانه به جێژنی مێهره‌جان و به هه‌موو رۆژێکی خۆش ده‌ڵێن مێهره‌جان. مه‌ڕ به پێنج مانگ ده‌زێ و پێشینیان ده‌ڵین: به‌رخ به سه‌د رۆژ رۆحی وه‌به‌ر دێ و مه‌ترسی به‌ر ئاوێتی(به‌رخستن و له‌بار چوون) که‌م ده‌بێته‌وه. جێژنی ئه‌و سه‌د رۆژه‌ش له زۆر شوێنی کوردستان به‌ڕێوه ده‌چێ و پێی ده‌ڵێن جێژنی سه‌ته یا بێڵن دانا. له شه‌وی ئه‌وڵی به‌هار زه‌وی مه‌ڕ ده‌ست پێده‌کا و جێژنی هه‌ره گه‌وره‌ی مه‌ڕداره و پێی ده‌ڵێن جێژنی فهروهردهگان و دوای سێزده رۆژ واته سێزده به‌ده‌ر به‌رخ له گه‌ڵ دایکی ساره‌ما کراوه و له کۆز رۆیشتۆته ده‌رێ و هه‌ر له خۆشی به‌رخه‌کان، ماڵ و خێزان له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌کان رۆیشتوونه ده‌رێ. له باره‌ی چۆنیه‌تی په‌یدا بوونی جێژنی نه‌ورۆزه‌وه، سه‌رچاوه مێژووییه‌کان ئاماژه به بیر و باوه‌ڕی جیاواز ده‌که‌ن و گه‌لێک رووداوی مێژوویی، چ ئه‌فسانه‌یی یان راست ده‌که‌نه سه‌ره‌تای په‌یدابوونی نه‌ورۆز، نه‌ورۆز واته رۆژی نوێ، ئه‌ویش دوو نه‌ورۆزه، یه‌کیان نه‌ورۆزی گشتی و ئه‌ویتریان نه‌ورۆزی تایبه‌تی. نه‌ورۆزی گشتی رۆژی یه‌که‌می خاکه‌لێوه‌یه که هه‌تاو له سه‌ره‌تای بورجی حه‌مه‌له، واته راست له ئه‌وه‌ڵی به‌هار دایه، به بڕوای که‌سانێک خودا له‌و رۆژه‌دا دنیای به‌دی هێناوه و هێندێکی دیکه ده‌ڵێن: چونکه خودا له‌م رۆژه‌دا ئاده‌می خوڵقاندووه،بۆیه نێوی نراوه نه‌ورۆز. ده‌سته‌یه‌کی دیکه له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که جه‌مشید له سه‌ره‌تاوه ناوی جه‌م بوووه وکاری گه‌شت و گه‌ڕان بووه، که گه‌یشتۆته ئازه‌رباییجان، یا به پێی وته‌یه‌کی دیکه وڵاتی بابل، ده‌ستووری داوه که ته‌ختێکی خه‌مڵیو، به زێڕ و گه‌وهه‌ری له سه‌ر به‌رزاییه‌ک به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات بۆ دانێن و ئه‌و جار تاجێکی له‌سه‌ر داناوه و له سه‌ر ته‌خته‌که دانیشتووه، کاتێک خۆر هه‌ڵاتووه، یه‌که‌م تیشکه‌که‌ی که له ته‌خته‌که‌ی جه‌می داوه، خه‌رمانه‌یه‌کی گه‌شاوه‌و زێڕینی له ده‌وری ته‌خته‌که ساز کردوه، خه‌ڵک به دیتنی ئه‌و دیمه‌نه شاد ده‌بن و ده‌ڵێن: ئه‌مه رۆژێکی نوێیه. هه‌ر له زه‌مانی په‌هله‌ویدا به تیشک ده‌ڵێن "شید" و جه‌میان کردوه به جه‌مشید. ئه‌و رۆژه‌ی که جه‌مشید چۆته سه‌ر ته‌خت، رۆژی شه‌شی خاکه‌لێوه بووه که به نه‌ورۆزی تایبه‌تی نێودێر کراوه. یا به واتایه‌کی دیکه جه‌مشید زاناکان کۆ ده‌کاته‌وه و لێیان ده‌پرسێ: چ شتێک ده‌توانێ ئه‌م پاشایه‌تییه بپارێزێ؟ زاناکان ده‌ڵێن: به هانای خه‌ڵکه‌وه چوون و چاکه کردن به خه‌ڵک، جه‌مشید خۆی ساز کرد‌و و ده‌ستووری دا به نۆکه‌ر و ژێرهستهکانی که به کاروباری هه‌ژار و لێقه‌وماوان رابگه‌ن، ئه‌و رۆژه‌ی که وایکرد، رێکه‌وتی هه‌بوو له گه‌ڵ رۆژی هورمز له مانگی خاکه‌لێوه‌دا و به دوای ئه‌وه‌دا ناوی ئه‌و رۆژه‌ی کرد به نه‌ورۆز و تا ئێستا هه‌ر به‌ر ده‌وامه. له ده‌قه ئه‌فسانه‌ییه‌کاندا هاتووه که یه‌که‌مین شه‌ممه‌ی مانگی یه‌که‌می ساڵی 1767ی پێش زایین حه‌زره‌تی زه‌رده‌شت له دایک بووه، بۆیه ئه‌و رۆژه‌یان به نه‌ورۆز نێودێر کردوه، هه‌روه‌ها به پێی ده‌قێکی ئه‌فسانه‌یی دیکه، نه‌ورۆز رۆژێکه که کاوه‌ی ئاسنگه‌ر به سه‌ر زوحاکی مێشک خۆردا سه‌رکه‌وت و خه‌ڵک به هه‌ڵکردنی ئاور ئه‌و رۆژه‌یان کرده جێژن، یان ده‌ڵێن نه‌ورۆز، رۆژێکه که ئاور دۆزراوه‌ته‌وه، یان ئه‌و رۆژه‌یه که شه‌و و رۆژ پێکه‌وه به‌رابه‌رن. له کتێبه ئاسمانییه‌کان وه‌ک قوڕئان، ئاوێستا و ته‌وڕاتدا هاتووه که یه‌زدان دنیای له شه‌ش رۆژاندا به دیهێناوه و گه‌لانی ئێرانی باوه‌ڕیان وابووه که یه‌زدان ئه‌م کاره‌ی له رۆژی ئه‌وه‌ڵی مانگێک دا ئه‌نجام داوه که رۆحه‌کان له ئاسمان‌ڕا گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر زه‌وی، ئه‌م مانگه ناوی فرووهه‌ر بووه و له‌م مانگه‌دایه که یه‌زدان رۆحی مردووه‌کان ده‌گێڕێته‌وه ناو که‌س و کاریان و ئه‌و میوانداریهش ده رۆژان ده‌خایه‌نێ، بۆیه خه‌ڵک له‌م رۆژانه‌دا ماڵه‌کانیان خاوێن ده‌که‌نه‌وه، جل و به‌رگی نوێ له به‌ر ده‌که‌ن و بۆنی خۆش به هه‌موو لایه‌ک بڵاو ده‌که‌نه‌وه و ماڵه‌کانیان به شینایی و گوڵ، ده‌نگی مۆسیقی و رووناکی، که‌یلی شادی و خۆشی ده‌که‌ن. نه‌ورۆز له روانگه‌ی ئایینه‌وه: هاتنی ئاده‌م بۆ سه‌ر زه‌وی - وێستانی که‌شتی حه‌زره‌تی نووح، دوای سێڵاوه‌که له سه‌رکێوی ئاگری (جوودی) له باکووری کوردستان - حه‌زره‌تی سلێمان ئهنگووستیله گوم کراوه‌که‌ی خۆی دۆزییه‌وه - هاتنی جوبڕه‌ئیل بۆ لای پێغه‌مبه‌ری ئیسلام- گه‌یشتنی حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د به پێغه‌مبه‌ری - حه‌زره‌تی برایم دوای شکاندنی بوته‌کان، مه نجهنیقی بۆ ساز کرا و به ئیزنی خودا مه‌نجه‌نیق بوو به گوڵستان. له لایه‌کی دیکه‌وه عه‌ڕه‌به‌کان ده‌ڵێن: که گوایه دنیا و ئاده‌م له‌م رۆژه‌دا که شه‌و و رۆژ پێکه‌وه به‌رابه‌ره، به‌دیهاتوون، بۆیه پێی ده‌ڵێن نه‌ورۆز، واته رۆژی نوێ. به بڕوایه‌کی دیکه،6هه‌زار ساڵ له مه‌و پێش که‌یوومه‌رس له گه‌ڵ شای ئه‌و کاته له کێوه‌کانی ره‌واندز ده‌ست به شه‌ڕ ده‌کا و ئه‌و رۆژه‌ی که سه‌ر ده‌که‌وێ، به له‌شکره‌که‌ی ده‌ڵێ: له سه‌ر ته‌واوی کێوه به‌رزه‌کان ئاور بکه‌نه‌وه، تا به‌ڵکوو ئه‌و که‌سانه‌ی که په‌ڕه‌وازه بوون، بگه‌ڕێنه‌وه و ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ش ده‌ورووبه‌ری نه‌ورۆز بووه. کردنه‌وه‌ی ئاور ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که کورد ئاور په‌ره‌ست بووبێتن، به‌ڵکوو له ناو دینی زه‌رده‌شتدا ئاور شتێکی پیرۆزه. له کوێستانی چاوبه‌ڵه‌ک و ده‌م به قاقای پێکه‌نینه‌وه، بڵێسه‌ی ئاوری پیرۆزی نه‌ورۆز، خه‌مه‌کانی رابردوو له گه‌ڵ خۆی ده‌با و هه‌ر بڵێسه‌ی بێت ئاوری سووری نه‌ورۆز، نه‌مان و سه‌رشۆڕی بۆ نه‌یارانی نه‌ورۆز. له کاتی کردنه‌وه‌ی ئاوردا بازیان به‌سه‌ر داداوه وکوتویانه: سووری تۆ بۆ من و زه‌ردی من بۆ تۆ(سووری کرده‌وه‌ی باش و زه‌ردی کرده‌وه‌ی ناشیرین و خراپ). هه‌ر له سه‌ر ده‌می کۆندا، خه‌ڵک کاتێک له‌چنگ سه‌رماو سۆڵی زستان نه‌جاتیان ده‌بوو، جێژنیان ده‌گرت و پاشان ئه‌و جێژنه گه‌یشته میر و حاکمه‌کان و دواتریش ده‌وڵه‌ته‌کان جێژنیان گرت. به هاتنی نه‌ورۆز، هه‌ستانێک له ناخی مرۆڤدا ده‌ست پێده‌کا و خێزانه‌کان ماڵ خاوێن ده‌که‌نه‌وه، سه‌ردانی نه‌خۆش و ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی که که‌سێکیان له ده‌ست داوه و هه‌روه‌ها سه‌ردانی گۆڕی مردووه‌کان ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێ به هاتنی ئه‌و رۆژه نوێیه هه‌موو شتێک وه‌لانێن وخه‌م و خه‌فه‌ت بهربادهن وژیانێکی دیکه ده‌ست پێبکه‌ن. نه‌ورۆزانه له لایه‌ن گه‌وره‌کانه‌وه به چکۆله‌کان ده‌درێ له لایه‌ن دۆستانه‌وه پێک ده‌گا و کاتێک منداڵه‌کان له ناو گونده‌کان بۆ هه‌لاوه مه‌لاوه، واته نه‌ورۆزانه ده‌گه‌ڕێن،کاتێک ده‌چنه هه‌ر ماڵێک، ئه‌م دێڕانه(وتانه)ده‌ڵێن: هه‌لاوه مه‌لاوه، کچتان بووک، کوڕتان زاوا- هه‌لاوه مه‌لاوه، شتێکمان بۆ بخه‌نه ناو تاوه (تاوه ئه‌و شته‌ی به‌ده‌ستیانه‌وه بوو)- هاته‌رێ ماته‌رێ، سه‌ری ئاوهڵم به قنگی که‌رێ، شتێکم بۆ بخه‌نه ژێر چه‌په‌رێ – هه‌لاوه مه‌لاوه، یه‌ک هێلکه ته‌واوه- هه‌نگوینی شانه شانه خانمی سه‌ر باڵه‌خانه، کوا به‌شم نه‌ورۆزانه و.... خاوه‌ن ماڵیش هه‌ر شتێک که شک ببا، وه‌ک: هێلکه، شیرینی، سنجوو، پوول و ... ده‌یدا به منداڵه‌کان و زۆر به رووی خۆشه‌وه به‌ڕێیان ده‌کا. کاتێک که شه‌و دادێ، واته شه‌وی رۆژی نه‌ورۆز، نۆبه ده‌گاته گه‌وره‌کان و کوڕان و پیاوان ده‌گه‌ڕێن، له کولانکه و به‌ر هه‌یوانه‌وه، سه‌تڵی پڕ له عه‌تر و شانه و ئاوێنه وگه‌نم ده‌خه‌نه خوارێ و خاوه‌ن ماڵ نه‌ورۆزانه‌یان پێده‌دا که زۆرتر هێلکه‌یه. له زۆربه‌ی ماڵه‌کاندا سفره‌ی حه‌وت سین ده‌ڕازێته‌وه که ئه‌م شتانه‌ی له سه‌ره: 1- سه‌مه‌نی به مانای ژیانه‌وه‌ی گیاکان 2- سماق بۆ تامی چێشت 3- سێ‌و که زۆرتر سێوی سووره، نیشانه‌ی بیر و بڕوای باشه 4-سه‌عات یا سکه، سه‌عات بۆ ئاگاداربوونه‌وه له گۆڕینی ساڵ و سکه نیشانه‌ی ده‌وڵه‌تی باشه 5- سه‌وزی به مانای پایه‌دار بوون له ژیاندا 6- سیر یا سرکه بۆ خاوێنی شته‌کان 7- سنجوو که بۆنی گوڵه‌که‌ی سه‌رچاوه‌ی دڵدارییه هه‌ر وه‌ها بۆ زیاتر رازاندنه‌وه‌ی سفره‌که ئه‌م شتانه‌ش داده‌ندرێن: له سه‌رده‌می ئێستا قوڕئان و پێش ئیسلام کتێبی ئاوێستا داندراوه - ئاوێنه نیشانه‌ی یه‌کڕه‌نگی ـ مۆم به مانای گه‌وره‌یی ئاور و باشترین یاسا دێت – ماسی نیشانه‌ی زیندووبوون ـ شیرینی وه‌ک خورما و کشمیش که داده‌ی ئه‌هوورایین – هێلکه‌ی ره‌نگاو نیشانه‌ی کرده‌وه‌ی باش و... هه‌ر وه‌ها له سهردسمی کۆندا له زۆربه‌ی شار و گونده‌کان بۆ ماوه‌ی 15رۆژ میری نه‌ورۆزی دروست کراوه که مرۆڤ و کاره‌کانیان به‌م شێوه‌یه بوون: 1- میر 2- وه‌زیر که پیاوێکی قسه خۆش بووه 3- وه‌زیری ده‌ستی راست که ده‌ستووری باش و به جێی به‌م شێوه‌یه راده‌گه‌یاند: به ده‌ستووری ئه‌میر، زیندانی بێ تاوان ده‌بێ ئازاد بکرێ ـ ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی که شه‌ڕ و ئاژاوه له نێوانیاندا هه‌یه، ده‌بێ ئاشت بنه‌وه - ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ده‌بێ زه‌کات به فه‌قیره‌کان بده‌ن و... 4-وه‌زیری ده‌ستی چه‌پ که ده‌ستووری بێ جێ و رێی راده‌گه‌یاند که به هیچ که‌س جێبه‌جێ نه‌ده‌کران، به‌م شێوه‌یه: به‌یانی ده‌بێ ته‌واوی پیاوان نیوه‌ی سمێڵی خۆیان بتاشن – له‌مڕۆوه تا به‌یانی ده‌بێ، ته‌واوی کوڕانی 13ساڵ بۆ سه‌رێ ژن بێنن و ... 5- میرزا که نه‌فه‌رێکی نووسه‌ر ئه‌م کاره‌ی ده‌کرد 6- چه‌ند نه‌فه‌ر خزمه‌تکار 7- گرووپی نیزامی ،شمشێر به ده‌ست و جل و به‌رگی سووریا‌ن له به‌ر ده‌کرد 8- پیاوێکی گۆپاڵ به ده‌ست که ده‌ستووری ئه‌میری راده‌گه‌یاند 9- گرووپی مووزیک ژه‌ن 10- گرووپی سروود و گۆرانی 11- وشکه‌ڕن که جل و به‌رگی له پێستی ئاژه‌ڵ بۆ دروست ده‌کرا و جگه له ئه‌میر قسه‌ی به هه‌موو که‌سێک ده‌گوت. له کۆتاییدا ده‌ڵێم: هه‌موو گیانله‌به‌رێک هاوار بۆ ژیانێکی نوێ ده‌کا و گه‌شانه‌وه و لاوانه‌وه‌ی گوڵهگهشهکانی چیاکانی کوردستان تا ده‌گاته ده‌ربه‌ندی گردی مامه‌یاره و ناڵه‌شکێنه و پڕ به دڵ ئهچریکێن و ده‌ڵین: ئه‌م رۆژی ساڵی تازه‌یه نه‌ورۆزه هاته‌وه جێژنێکی کۆنی کورده به خۆشی و به هاته‌وه (گردی مامه یاره له نزیک شاری سلێمانییه و گۆڕی پیره‌مێردی نه‌مر، دانه‌ری شێعری نه‌ورۆز له‌و شوێنه‌یه و پیره‌مێرد توانی جێژنی گه‌وره‌ی نه‌ورۆز، بکاته جێژنی نه‌ته‌وه‌یی) بۆیه جێژنی نه‌ورۆز هه‌موو کاتێک به رێز و حورمه‌ته‌وه گیراوه، چونکه گرینگ‌ترین په‌یام ده‌خاته نێو دڵی ئۆگرهکانی،په‌یامی هه‌ستانه‌وه‌ی که‌وتوو، وه‌خه‌به‌ر هاتنی خه‌وتوو، ژیانه‌وه‌ی مردوو، بووژانه‌وه‌ی سڕ کردوو، گێڕانه‌وه‌ی رابردوو، هه‌روه‌ها په‌یامی سازبوونه‌وه‌ی جیهانێکی سه‌ر له نوێ، بۆ گشت چین و بۆ گشت توێ، هه‌مووی به جێ و گشتی به جوێ، به کۆما و کۆمه‌ڵه‌کان راده‌گه‌یه‌نێ. سه‌رم به فیدای ئه‌و ته‌یره بێت که مزگێنی به‌هار و جێژنی نه‌ورۆز و ساڵی تازه دێنێ، ساڵێک که پڕ بێ له خێر و خۆشی و دوور بێ له که‌م و کوڕی و نه‌خۆشی، ساڵێکی به پیت و به‌ره‌که‌ت، به هه‌وڵ وحه‌ره‌که‌ت، تهڕهساڵێکی خاوه‌ن ده‌غڵ و دان، نووخشه ببه‌خشێ به خه‌له و خرمان. ده‌بێ تێ‌بکۆشین تا دڵێکی سه‌وزی بههاریمان هه‌بێ و به‌رده‌وام گوڵ و جوانی به‌سه‌ر دا ببارێ و بیری چاک و وته‌ی چاک و روانینی چاک له وجوودماندا چرۆ ده‌ر بکا و گه‌شه و نه‌شه‌ی هه‌بێ و ده‌رگای رووناکی به‌ره‌و رومان بکرێته‌وه و ده‌بێ له کاتێکدا جێژن بگرین که ئاڵ وگۆڕ پێک بێ، نه‌ک هه‌ر ژماره‌ی ساڵه‌کان بگۆڕدرێن. پیرۆز بێ نه‌ورۆز و به‌هار و شادی و رووناکی. مێژووی رێکه‌وتی کوردی: به هێرشی ماده‌کان بۆ سه‌ر شاری نه‌ینه‌وا که به ده‌ست ده‌وڵه‌تی ئاشووره‌وه بووه له ساڵی 612ی پ. ز و به له ناو چوونی ئاشووره‌کان به‌ردی بناغه‌ی رێکه‌وتی کوردی داده‌مه‌زرێ. له ساڵی 701ی پ.ز ئه‌و شه‌ڕه ده‌ستی پێکردوه و رۆژی ده‌ست پێکردنی شه‌ڕه‌که، نزیک سه‌ری ساڵ ده‌بێ و دوای 88ساڵ شه‌ڕیش، هه‌ر له نزیک سه‌ری ساڵ، ماده‌کان به سه‌ر ئاشوورهکاندا سه‌ر ده‌که‌ون، واته له رۆژی ده‌ست پێکردنی شه‌ڕه‌وه ئه‌و رێکه‌وته داندراوه. رێکه‌وتی کوردی له‌گه‌ڵ هه‌وه‌ڵ رۆژی به‌هار ده‌گۆڕدرێ و هه‌ر لێره‌وه ساڵی2709ی کوردی له هه‌موو لایه‌ک پیرۆز بێت. لێره‌دا ئه‌وه پێویسته بگوترێ که ساڵی زایینی نه‌ورۆزی نیه و دوای 80رۆژ تێپه‌ڕبوون به سه‌ر ساڵی زایینی‌دا زۆر ناشیرینه بڵێی، نه‌ورۆزی 2009، چونکه نه‌ورۆز شتێکی تایبه‌ت به گه‌لانی ئێرانه.
|